" />
با ما ارتباط برقرار کن
0

ادبیات

ڕۆمان‌نووسی کورد کارەکتەریکی تراژیک

ڕۆمان‌نووسی کورد کارەکتەرێکی تراژیک

یەکەم نوسخەی ڕۆمانی «کارمامز»کە ساڵی ١٩٧۴ نووسرابوو لە کاتی دەست‌بەسەرکرانی نووسەرەکەی، عەلی حەسەنیانی‌دا، شوێنەون بوو. دوای شۆڕش، کارمامز لە بارودۆخی شەڕی پارتیزانیدا بۆ جاری دووهەم نووسرایەوە. بەڵام شەوێک لە کاتی پەڕینەوەی پێشمەرگەکان بە چۆمی گەورەی کەڵوێ”دا، بە ئاودا چوو. نوسخەی سێهەمی کارمامز لە گوندێکی نزیک هەوشار کەوتە بەر هێرشی خۆمپارە و سووتا. نوسخەی چوارەم بەختەوەرتر بوو. نە ئاو بردی و نە سووتا. بەڵام ئەوە سەرەتای دەورەیەکی دوورودرێژ و تاقەت‌بەری چاوەڕانی بوو بۆ چاپ. تا ئەوەی لە سەرەتای نەوەدەکاندا لاپەڕە زەردبووەکان دەگەڵ نووسەر، کە ئەویش ئیدی پیر بووبوو، ڕێگای هەندەرانی گرتە بەر. سەرەتا بۆ هۆڵەند و دوایە بۆ دانمارک. سەرەنجام، حەوت ساڵ دوای ئەوەی نووسەر لە کاتی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا لە دانمارک بە سەکتەی دڵ مرد، کارمامز لە لایەن بڵاوکەرەوەیەکی کوردی لە هۆڵەند چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەوە تەنیا نموونەیەکە لە چارەنووسی ڕۆمان و نووسەری کورد.

کوردستان بە درێژایی سەدەی ڕابردوو «کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی» (۱) بووە. سنوور، کە وەک خاچێک کورستانی کردووە بە چوار کەرتەوە، هەر بە تەنیا ژیانی سیاسیی ئەو خەڵکەی لێک‌ دانەبڕیوە، بەڵکو لە درێژماوەدا، فەرهەنگ و زمانیشی لێک پەرتەوازە کردووە. لە ئەنجامی ئەو سنوورانەیە کە ئێستا کورد لانیکەم دوو ستانداردی نووسین و دوو پیتی جیاوازی هەیە: سۆرانی و کورمانجی، هەروەها پیتی ئارامی و لاتین.

لە سەدەی ڕابردوودا لە هەموو پارچەکانی کوردستان چالاکیی فەرهەنگی و ئەدەبی، بە ڕادە و شێوازی جیاواز، ئینکار و سەرکوت کراوە و بە تاوانی سیاسی لە قەڵەم دراوە. ئەگەر گەشەی ڕۆمان لای گەلانی دنیا، پەیوەندی بە ئاستی گەشەی مۆدێرنیتە و بوونی ئێلێمێنت‌گەلی وەک ئاوەزخوازی، پەرەی ئابووری، سێکۆلاریزم، ئازادی و تاک‌خوازییەوە هەبووبێ، بۆ کوردی ژێردەست زیاتر پەیوەندی بە دەرەتانی سیاسییەوە بووە. لە کوێ شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کورد سەرکەوتنێکی بە دەست هێنابێ، زمان و ئەدەب و  ڕۆژنامەگەریی کوردی بووژاوەتەوە و، ڕۆمانی کوردی سەری هەڵهێناوە.

نووسەری کورد لە ناوخۆ سەرباری هەموو ناهەموارییەک توانیبی بەرهەمێک بخوڵقێنێ، چارەنووسێکی باشتر لە عەلی حەسەنیانی‌ بە نسیب نەبووە. لە بەر ئەوە نووسەری کورد تەنیا کاتێک توانیویەتی ڕۆمان بنووسێ کە پەڕیوەی هەندەران بووە. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە کە «نیشتمانی ڕاستەقینەی ڕۆمانی کوردی مەنفا بووە.»(۲) بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ، هەر ڕۆمانێکی کوردی کە لە هەندەرانیش لە دایک‌بووە، ڕەنگدانەوەی ئاڵ‌وگۆڕێکی سیاسی بووە لە کوردستان.

وەک چۆن یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە دەرەوەی کوردستان، لە قاهیرە چاپ کرا، یەکەم ڕۆمانی کوردیش، «شڤانی کورد» بە قەڵەمی عەرەب شەمۆ لە ئێریڤان، پایتەختی ئەرمەنستانی سۆڤیەت، لە دایک بوو(۳).  ڕۆمانی «پێشمەرگە»ی ڕەحیمی قازی ساڵی ١٩۶١ لە باکۆی ئازەربایجان نووسرا و دواتر لە بەغدا بڵاو کرایەوە. قازی یەکێک لەو خوێندکارە کوردانە بوو کە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری دێموکراتی کوردستان لە مەهاباد بۆ خوێندنی باڵا نێردرابووە یەکیەتی سۆڤیەت و کاتێ کۆمارەکە ڕووخا، نەگەڕایەوە. ڕۆمانی «ژانی گەل» ساڵی ١٩۵۶ بە قەڵەمی برایم ئەحمەد نووسرا. ژانی گەل لە ترسی سانسۆری حکومەتی ئەوسای عێراق ناوی عەرەبی بۆ کاراکتەر و شوێنەکانی دیاری کران و پێشکەش بە خەبات‌گێڕانی ئەلجەزایر کرا، بەو حاڵەشەوە شانسی چاپی بۆ نەڕەخسا. برایم ئەحمەد بە تاوانی کاری سیاسی کەوتە زیندان و دەستنووسی ژانی گەل لای هاوڕێکانی بەجێ ما و تا ساڵانێ بە نهێنی پارێزرا. دوای ڕووداوە سیاسیەکانی عێراق نووسەر لە زیندان هاتە دەر و ساڵی ١٩۶٧ ژانی گەل کەوتەوە دەست  نووسەر. ئەمجارە ناوی کوردی بۆ کەسایەتییەکانی گێڕدرایەوە و سێ بەشی لە گۆڤاری ڕزگاری‌دا بڵاو کرانەوە. دواجار ساڵی ١٩٧٢ لە سلێمانی وەک کتێب بڵاوی کرایەوە. «بیرا قەدەرێ» و «ڕۆنی مینا ئەڤینێ، تاری مینا مرنێ» بە قەڵەمی محەمەد ئۆزۆن، بەناوبانگترین نووسەری باکووری کوردستان لە سوێد و، هەروەها «چیایێن ب خوێن ئاڤ‌دای» لە نووسینی باوە نازە، ڕۆماننووسی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ١٩٨١ لە مۆسکۆ نووسران و بڵاو کرانەوە. تەنانەت «مەرگی تاقانەی دووهەم» و «ئێوارەی پەروانە» و ڕۆمانە گەورەکانی دیکەی بەختیار عەلی، ڕۆماننووسی بەرجەستەی باشووری کوردستان، لە ئاڵمان نووسران و لە کوردستان چاپ و بڵاو کرانەوە.

بە هۆی هەلومەرجی دژواری سیاسی لە کوردستان، بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی کوردستان پەڕیوەی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا بوون کە سەدان نووسەر و هونەرمەندی کوردییشیان لە ناودا بوون. ئازادیی چالاکیی فەرهەنگی لەو وڵاتە پێشکەوتووانەدا هەلومەرجێکی لەباری بۆ نووسەرانی کورد پێکهێنا و تەنانەت لە کۆتایی نەوەدەکان ژمارەی نووسەرانی کوردی دانیشتووی سوێد لە ژمارەی نووسەرانی نێوخۆی کوردستان زیاتر بووە(۴).

هەڵبەت ئەوە حوکمێکی گشتی نییە و زۆر جار نووسەرانی کورد لە ناوخۆی کوردستانیش توانیویانە یارمەتیی پەرەسەندنی ڕەوتی ڕۆمانی کوردی بدەن.

عەتای نەهایی لە بانە، شارێکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مامۆستای قوتابخانە بوو کە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ کارەکەیان لێ ئەستاندەوە و ناردیانەوە ماڵ. عەتا بۆ بژیوی بنەماڵەکەی دوکانێکی بچووکی ئاومیوەفرۆشی دانا. ڕۆژێک دوکانەکەی بە سەر شاگردەکەیدا بەجێهێشت و لە ژێرزەمینی   ماڵەکەیاندا دەستی کرد بە نووسین. نەهایی ئیدی نەگەڕایەوە ژیانی ئاسایی و ساڵانی ساڵ لەو ژێرزەمینەدا خەریکی نووسین بوو. جگە لە سێ کۆمەڵە چیرۆک و وەرگێڕانی چەندین ڕۆمان، «گوڵی شۆران» و «باڵندەکانی دەم با» و «گرەوی بەختی هەڵاڵە» سێ ڕۆمانن کە لە ڕووی فۆرم و شێوازی گێڕانەوەوە ئەدەبی کوردییان چەند هەنگاوێک بردە پێشەوە.

بە درێژایی ساڵان لە کوردستاندا، بۆ داهێنان و خوڵقانی بەرهەمی گەورە و گرانی وەک ڕۆمان، کەشوهەوایەکی لەبار لە ئارادا نەبووە. نووسەری کورد دەگەڵ چەندین کێشەی جیددی بەرەوڕوو بووە کە  زۆر جار تووشی نائومێدی و دەست‌بەردانیان کردووە.

گەورەترین کێشەی نووسەری کورد نەبوونی خوێنەر بووە. کێشەی بێ خوێنەری بۆ نووسەرانی ئەمریکای لاتین، وەک بارگاس یووسا ئاماژەی پێدەکا، ئەگەر پەیوەندی بە قۆناغێکی دیاریکراوی ڕابردووەوە هەبێ، تا ئێستاش بۆ نووسەری کورد کێشەیەکی زەق و زیندوویە. ئەگەر چاوپۆشی لە تیراژی سەروو دە هەزار دانەیی هێندێک ڕۆمانی کوردی بکەین، نێونجیی تیراژی ڕۆمانی کوردی لە ١٠٠٠ دانە تێنەپەڕیوە. ئەمە بۆ میللەتێکی چەندین میلیۆنی ژمارەیەکە لە پەنا سیفر. لەبەر ئەوە نووسەری کورد هەرگیز نەیتوانیوە لە ڕێگای نووسینەوە بژی و بۆ بەڕێ‌چوون پەنای بردۆتە بەر پیشەیەکی تر.   هۆکاری کەمیی خوێنەر جۆراجۆرن: قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی کوردی لە هێندێک لە پارچەکانی کوردستان (هەتا ئێستاش لە ڕۆژهەڵات و باکوور و تا ئەم دواییەش لە ڕۆژئاوای کوردستان)، کزیی فەرهەنگی خوێندنەوە، هەژاری و کەمیی کتێبخانەی گشتی.

کۆسپێکی تری بەردەم نووسەری کورد لانیکەم لە هێندێک پارچەی کورستان وەک باکوور و ڕۆژهەڵات سانسۆری حکومەتی و نەبوونی ئازادیی دەربڕینە. ئەم کارە بە تایبەت لە ئێران بە پاساوی بەها ئەخلاقی و ئایینییەکانەوە دەکرێ و تەنانەت ڕۆمانی وەرگێڕدراو لە زمانانی ڕۆژئاواییش لە تیخی سانسۆری دەوڵەت دەرباز نابن. پرۆسەی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاوبوونەوە زۆر جار لە هی نووسین زەمان‌گر و تاقەت‌بەرترە. خراپترین دەرەنجامی نەبوونی ئازادیی نووسین خۆسانسۆرکردنە؛ کاتێ نووسەر بۆخۆیسنوور بۆ خەیاڵ و قەڵەمەکەی دادەنێ و بەردەوام ترسی قرتانی وشە و ڕستە و پاراگرافەکانی لە دڵدایە. لە باکووری کوردستان، نووسەر و هونەرمەندی کورد بە تاوانی نووسین بە کوردی یان خراوەتە زیندان، یان ناچار بووە پەڕیوەی هەندەران بێ، هێندێک جاریش، وەک مووسا ئەنتەر، بە تاوانی دەربڕینی بیروڕا لە لایەن کەسانی سەر بە دەوڵەتەوە کوژراوە.

ئێستا پرسیار ئەوەیە: نووسەری بێ جیرە و مواجیبی کورد، کە  ئەگەر شانسی چاپی ڕۆمانەکەشی هەبووبێ، لە جیاتی خوێنەر، مەئمووری دەزگا ئەمنییەتەکان چاوەڕوانیان کردووە، بۆچی مکوڕ بووە لە سەر نووسین؟

ڕامانێکی زۆری ناوێ بۆئەوەی مرۆڤ بە وەڵامێکی لەو دەستە بگا: هەستی بەرپرسیارێتی؛ هەڵبەت خولیاش. ئەوە دروشم نییە ئەگەر بڵێین لە کوردستان، بە دێژایی سەدەی ڕابردوو، نووسین جۆرێک بووە  لە خەبات. کاتێ زمان وەک سەرەکیترین ئێلێمێنتی ناسنامەی نەتەوەیی هەڕەشەی فەوتانی دەکەوێتە سەر، کەسانێک ئامادە دەبن باجی بۆ بدەن. هەتا ئێستا ئەرکی ڕۆمانی کوردی، وێڕای گێڕانەوەی ئەڤین، شەڕ، مەرگ و ژیانی مرۆڤی کورد، خەباتێک بووە بۆ پاراستنی زمان و ناسنامە.

بەڵام تۆ بڵێی ئەمە چارەنووسی تاهەتایی ڕۆمانی کوردی بێ؟

ئاڵ‌وگۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە بیست ساڵی ڕابردوودا، نیشانەکانی تێپەڕین لەو دۆخە دژوارەمان پێ نیشان دەدەن. ئێستا کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا خاوەنی حکومەتی نیمچە سەربەخۆی خۆیەتی. لە باکوور دۆزی کورد بەگشتی و دۆخی   فەرهەنگییەکەی بەتایبەتی پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە دیوە. لە ڕۆژهەڵاتیش سەرەڕای درێژەی سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوە، جووڵانەوەیەکی لەسەرخۆی فەرهەنگی و ئەدەبی لە ئارادایە.

لە باشوور بەڵام، دوای شەڕی کەنداو و دامەزرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کورد دەرفەتێکی زێڕینی بۆ چالاکیی ئەدەبی و فەرهەنگی دەست کەوت. دەیان ناشر و دەزگای بڵاو کردنەوەی حکومی و ئەهلی دامەزران. ڕۆمانی کوردی لەم ماوەیەدا لە ڕووی چەندایەتی و چلۆنایەتی گەشەی کردووە.   نووسەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ چاپی بەرهەمەکانیان پەنایان بۆ باشوور هێناوە. وردە وردە خەریکە پیشەسازیی چاپ لە دایک دەبێ و هەقی نووسین، ئەگەرچی لە قەبارەیەکی بچووکدا، دەدرێ بە ڕۆمانەکانی دنیا بۆ سەر زمانی کوردی گورجتر بووە. ئەگەرچی هێشتا ژمارەی کەسانی مەنفانشین ڕێژەیەکی بەرچاوی نووسەرانی کورد پێک‌دەهێنێ و ئەگەرچی گەلێک لە کێشە ئاماژەپێکراوەکان کەم‌وزۆر لە بەر دەم نووسەری نێوخۆی وڵاتن، بەڵام ڕۆماننووسی کورد هەن و زۆریشن کە لە نووسەران. خوێنەری ڕۆمان بە شێوەیەکی بێ پێشینە ڕووی لە زیاد بوونە. ڕەوتی وەرگێڕانی کوردستان دەژین و دەنووسن و بڵاو دەکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە هاتنی مۆدێرنیتە و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و چوونە سەری ئاستی خوێندەواری، گۆڕانێکی بەرچاوی لە جیهانبوونی تاکی کورددا پێک‌هێناوە. ئەمە و ئەو هەموو کارەسات و ڕووداو و کێشە فیزیکی و زەینییانەی مرۆڤی کورد لە سەد ساڵی رابردوودا دەست و پەنجەی دەگەڵ نەرم کردوون، مادەی خاو و دەست‌لێنەدراوی سەدان رۆمانی جوانی بۆ ڕۆماننووسی کورد دابین کردووە.

ئەگەر سەدەی ڕابردوو، سەدەی سەرکوت و بەندکردن و پەڕیوەبوونی نووسەرانی کورد بوو، ئومێد هەیە ئەمەیان، سەدەی گەشە و درەوشانەوەی ڕۆمانی کوردی بێ.

ئەپریلی ٢٠١۵ـ تۆرنتۆ

۱ ناونیشانی کتێبێکی ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و لێکۆڵەری ئازای تورک کە بە هۆی نووسینەکانیەوە بۆ ماوەی ١٧ کەوتە زیندانی دەوڵەتی تورک.

۲ ئەحمەدزادە، هاشم، نەتەوە و ڕۆمان ل ٢٣۴. جێی ئاماژەیە کە گەلێ لە زانییارییەکانی ئەم وتارەم لە کتێبە دانسقە و بەنرخەکەی دکتۆر هاشم

۳ عەرەب شەمۆ یان شامیلۆف (١٩٧٨-١٨٩٧)”کە لە ساڵی ١٩٣۵ شڤانی کورد،ی نووسیوە وەک باوکی ڕۆمانی کوردی ناوی دەبردرێ.

خوازتوونەوە.

۴ هەمان سەرچاوە.

اشتراک در خبرنامه

مشترک شوید

نوشته شده توسط

برای انتشار دیدگاه کلیک کنید

نگارش دیدگاه

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پربیننده‌ها

اتصال
اشتراک در خبرنامه

مشترک شوید

----- پرسشی دارید؟ در منابع راهنما جست و جو کنید